Wq/ckb/قازی محەممەد

From Wikimedia Incubator
< Wq‎ | ckb
Wq > ckb > قازی محەممەد
وێنەیەکی قازی محەممەد

قازی محەممەد ناسراو بە پێشەوا (١ی ئایاری ١٨٩٣ – ٣١ی ئازاری ١٩٤٧) سیاسەتوان، دادوەرێکی کورد و سەرۆکی کۆماری کوردستان بوو.[1]

وتەکان[edit | edit source]

قازی محەممەد لەکاتی دامەزراندی کۆماری کوردستان و سوێندخواردن لە مەھاباد لە ١٩٤٦
  • ئەمن بە خودا، بە کەلامی عەزیمی خودا، بە نیشتمان، بە شەڕافەتی میللیی کورد، بە ئاڵای موقەدەسی کوردستان سوێند دەخۆم کە تا ئاخر ھەناسەی ژیانم و ڕژاندنی ئاخر تنۆکی خوێنم، بە گیان و ماڵ لە ڕێی ڕاگرتنی سەربەخۆیی و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستاندا تێ کۆشم.
    (سوێندخواردنی قازی محەممەد لەکاتی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەھاباد لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦)[2]
قازی محەممەد لەگەڵ کابینەی دەوڵەتی کوردستان لە مەھاباد لە ١٩٤٦
  • ئەگەر من لە مەھاباد بچمە دەرەوە، حکوومەتی تاران تا دوا ڕادە ڕق و قینی خۆی بەسەر خەڵکی کورددا دەڕژێنێت.[3]
  • تاوانباری سەرەکی کاربەدەستانی ڕژێمن نەک ئێمە، ئەوە ئێوەن کە وڵاتی ئێمەتان داگیر کردووە، لەبڕی ئەوەی ئێوە دادگایی بکرێن، کەچی ھاتوون لە ماڵی خۆماندا دادگاییمان دەکەن، سەرپاکی ئەم ڕووداوانە دەرەنجامی زوڵمی کاربەدەستانی داگیرکەری حکوومەتە. ئەگەر ئێوە میللەتی کورد بە خائین دەزانن، ئەوا وازبێنن لە کوردستان، ئەگەر پێشتان وایە کورد وڵاتپارێزن، لێیانگەرێن با خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن.[3]
  • گیانی من، وڵاتی من و نەتەوەی من کوردە، چۆنتان پێخۆشە لەگەڵم ڕەفتار بکەن، بەڵام میللەتەکەم ئازار مەدەن.[3]
  • له‌ دوژمنایه‌تیی یەکتر ده‌ستھه‌ڵگرن، یار و یاوه‌ری یەکتر بن، پشت به‌ یەکتر ببه‌ستن و له‌ به‌رابه‌ر دوژمنی زۆرداردا ئازایانه‌ ڕابووه‌ستن. خۆتان بێھووده‌ به‌ دوژمن مه‌فرۆشن. دوژمن هەر ئه‌وه‌نده‌ ئێوه‌ی ده‌وێ که‌ کاری پێتانه‌، ده‌نا ھیچ ڕوحمتان پێناکات، له‌ ھیچ ده‌رفه‌تێک ناگوزه‌رێ بۆ زه‌ربه‌ لێدانتان. دوژمنەکانی نه‌ته‌وه‌ی کورد زۆرن و زۆردارن، توانایان هه‌یه ‌و بێڕه‌حمن. ڕه‌مزی سه‌رکه‌وتنی ئێوه‌ له‌ یه‌کگرتندایه‌، ته‌نیا یه‌کگرتنه‌ له‌ به‌رابه‌ر ئه‌و ھێزه‌ زۆردارانه‌دا، ھه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر یه‌کێتیی نه‌بێ ھه‌میشه‌ له‌ ژێرده‌ستیدایه‌. ئێوه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد شتێکتان له‌ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ که‌متر نییه‌ به‌ڵکوو له‌ ئازایه‌تی و پیاوه‌تیدا زۆر له‌وانەی به‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ژین زیاترن. ئه‌و گه‌لانه‌ی سه‌رکه‌وتنیان به‌ ده‌ستھێناوه‌ ھه‌ر وه‌ک ئێوه‌ بوون. ڕێنوێنم بۆ ئێوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ لێگەڕێن منداڵه‌کانتان بخوێنن، چونکه‌ ڕه‌مزی پێگه‌یشتوویی و سه‌رکه‌وتن له‌ خۆینده‌واریدایه‌. با له‌ گه‌لانی دیکه‌ دوانه‌که‌ون، ئێوه‌ نابێ به‌ کوشتنی من و براکانم چاوترسێن بن، ئێشتا زۆری دیکه‌مان ده‌بێ له‌و ڕێگه‌یەدا له‌ده‌ستبچن تا به‌ ئاره‌زووی خۆمان دەگه‌ین. کوردستان ماڵی ھه‌موو کوردێکه‌. دانیشتووانی ئه‌م خاکه‌ به‌پێی توانایی ھەر کامه‌مان گه‌ر شتێکمان له‌ده‌ستدێ نابێ منه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌ بکه‌ین. ئه‌گه‌ر زانیتان که‌سانێک کاریان له‌ده‌ستدێ، لێگه‌ڕێن با بیکه‌ن، به‌رد مه‌خه‌نه‌ سه‌ر رێیان، گرفتی بۆ دروست مه‌که‌ن. ئه‌گه‌ر من به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌م نەبووایه‌ ئێستا له‌ ژێر حوکمی سێداره‌دا نه‌ده‌بووم، به‌ خاتری ئه‌وه‌ منه‌تتان به‌سه‌ردا ناکه‌م.
    (وەسیەتنامەی قازی محەممەد، نووسراو لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٧)[4]

لەبارەیدا[edit | edit source]

  • عەبدولڕەحمان قاسملوو لەبارەیدا دەڵێت: قازی محەممەد گوڵێک بوو لە بیاباندا ڕووابوو، لە میللەتەکەی دوور نەکەوتەوە، بەقووڵی دەرکی بە ئازار، مەینەتی، کوێرەوەری، ھیوا و ئاواتەکانی گەلەکەی کردبوو، لە دەربڕین و بەرجەستەکردنی ئەو ئازار، ھیوا و ئاواتانەدا لە ھەموو کەس سەرکەوتووتر بوو. بێھۆ نەبوو کە لای خەڵکی کورد ئەوەندە جێی ڕێز و خۆشەویست بوو کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی گەلی کورددا نازناوی پێشەوایان بە قازی محەممەد بەخشیبوو.[3]
  • سەروان شەریفی، ئەفسەرێکی ئامادە لەکاتی دادگاییکردنی قازی محەممەد و ھاوڕێکانی لەبارەیدا دەڵێت: بەڕاستی حەیف بۆ ئەم پیاوە، حەیف بۆ ئەم کەسایەتییە گەورەیە، دوێنێ لە دادگا بەبێ ھیچ نووسراوەیەک چوار سەعاتی ڕەبەق بەرگریی لە خۆی کرد و ئەندامانی دادگای تووشی سەرسووڕمان کرد، ئەو زیاتر لە ئەندامانی دادگا شارەزای یاساکانی ئێران بوو و سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانیش لە ھەمووان شارەزاتر بوو، لە ڕاستیدا قازی محەمەد دادگاکەی دادگاییی کرد.[3]
  • ئێمە ڕۆڵەی پێشەواین، بۆ کوردستان گیانفیداین.
    (دروشمی خۆپیشاندەرانی کورد لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠٢٢ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران[5])
  • ئێمە کوردین نابەزین، ڕۆڵەی پێشەوا قازین.
    (دروشمی خۆپیشاندەرانی کورد لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠٢٢ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران[6])

ئەمانەش ببینە[edit | edit source]

سەرچاوەکان[edit | edit source]

Page Template:Wq/ckb/Reflist/styles.css has no content.

  1. ژیان و خەباتی پێشەوا، قازی محەممەد
  2. مستەر کورد: ئاوای دەست پێكرد پێشەوا قازی: (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢؛ سەردان لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤.
  3. 3.0 3.1 3.2 3.3 3.4 چیرۆکی دادگاییکردن و لەسێدارەدانی قازی محەمەد‌. پەیسەرپرێس (لە ڕێکەوتی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١). سەردان لە ڕێکەوتی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤.
  4. ڕووداو: وەسیەتنامەی قازی محەممەد بۆ گەلی کورد (بە سۆرانی)، نووسراو لە ٣١ی ئازاری ٢٠١٨؛ سەردان لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣.
  5. ویدیوها ، شمارە 24، با هدف سرنگونی جمهوری اسلامی. پێشمەرگەکان. سەردان لە ڕێکەوتی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢.
  6. ویدیوها ، شمارە 23، با هدف سرنگونی جمهوری اسلامی. پێشمەرگەکان. سەردان لە ڕێکەوتی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢.

Script error: No such module "Wq/ckb/Check for unknown parameters".

بەستەرە دەرەکییەکان[edit | edit source]